1. Haberler
  2. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
  3. دوایین زانیارییەکانی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران چییە و چۆن پەیڕەو دەکرێت؟

دوایین زانیارییەکانی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران چییە و چۆن پەیڕەو دەکرێت؟

وێنەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
وێنەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
0
Paylaş

ئەم نووسینە بڵاوبکەرەوە

یاخود بەستەرەکە کۆپی بکە


بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە کۆپییەکی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی مێژوویی بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ئاگربەست لەگەڵ ئێران واژۆ کردووە. ترەمپ لە کۆشکی ڤێرسای فەڕەنسا، لە لێدوانێکی کورتدا دانی بە قورسیی پرۆسەکەدا نا و وتی: “بەڕاشکاوی پێتان دەڵێم، کارێکی ئاسان نەبوو.”

ئەم پێشهاتە گەورەیە دوای چەندین مانگ لە گفتوگۆی چڕ و گرژیی سەربازی دێت کە لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە لە نێوان هەردوولادا سەریهەڵدا و بە تەواوی ئابووری جیهان و سەقامگیری ناوچەکەی خستبووە مەترسییەوە.

هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنەکەی کۆشکی سپی، میدیا فەرمییەکانی ئێرانیش وێنەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری وڵاتەکەیان بڵاوکردەوە، کاتێک کۆپییەکی یاداشتنامەکەی بە واژۆی ترەمپەوە بەدەستەوە بوو.

هەردوولا پشتڕاستیان کردەوە کە چوارچێوەی گشتی ڕێککەوتنەکە بە شێوازی ئەلیکترۆنی واژۆ کراوە و لەمڕۆوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وردەکاریی و میکانیزمی پەیڕەوکردنی ڕێککەوتنەکە

بەپێی دەقی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە واژۆکراوەکە، ڕێککەوتنەکە لە ١٤ بڕگەی سەرەکی پێکدێت کە کایەکانی سەربازی، ئابووری و ئەتۆمی دەگرێتەوە:

١. کایەی سەربازی، ئاسایش و سەروەری:

  • کۆتاییهێنانی شەڕ لە هەموو بەرەکان: ئەمریکا و ئێران و هاوپەیمانەکانیان کۆتاییهێنانێکی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکان، بەتایبەت لە لوبنان ڕادەگەیەنن، لەگەڵ پابەندبوون بە پاراستنی سەروەریی خاکی لوبنان و بەکارنەهێنانی هێز دژی یەکدی.
  • کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا: دەستبەجێ دوای واژۆکردنی یاداشتنامەکە، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لادەبات. هەروەها ٣٠ ڕۆژ دوای گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، واشنتن هێزەکانی لە سنوورەکانی ئێران دوور دەخاتەوە.
  • ئاسایش لە گەرووی هورمز: ئێران بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ ڕێڕەوێکی ئارام و بێ باج بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداوەوە بۆ دەریای عومان دابین دەکات. لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا مینەکانی ناوچەکە ڕادەماڵدرێن و تاران لەگەڵ وڵاتانی کەنداو گفتوگۆ دەکات بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
  • میکانیزمی چاودێری: هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر دروستکردنی میکانیزمێکی جێبەجێکار و هێڵی گەرمی پەیوەندی بۆ چاودێریکردنی پابەندبوون بە بڕگەکان و ڕێگریکردن لە پێکدادانی نەخوازراو.

٢. کایەی ئابووری، دارایی و بازاڕی وزە:

  • هەڵگرتنی سزاکان و ئازادکردنی پارەکان: ئەمریکا پابەند دەبێت بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، ئاژانسی ئەتۆمی و سزاکانی ئەمریکا (سەرەکی و لاوەکی). هاوکات، واشنتن سەرجەم سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد دەکات و بانکی ناوەندیی ئێران بۆی هەیە بە هەر مەبەستێک بێت بەکاریان بهێنێت.
  • سندوقی ٣٠٠ ملیار دۆلاری: ئەمریکا و هاوبەشەکانی پلانێکی ٣٠٠ ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووریی ئێران جێبەجێ دەکەن، کە میکانیزمەکەی لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا دیاری دەکرێت.
  • ئاسانکاری بۆ فرۆشتنی نەوت: وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مۆڵەتی فەرمی بۆ هەناردەی نەوت و پێترۆکیمیایی ئێران دەردەکات بۆ ئەوەی تاران نەوتەکەی بە نرخی ئاسایی بفرۆشێت و کۆتایی بە فرۆشتنی نەوت بە داشکاندن بە وڵاتی چین بهێنرێت. ئەمەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی خێرا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینی بەخۆوە ببێنێت.

٣. دۆسیەی ئەتۆمی و پاراستنی دۆخی ئێستا:

  • چارەنووسی یۆرانیۆم: تا گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە ئاستی ئێستادا ڕادەگرێت و ئەمریکاش چیدی سزای نوێ ناسەپێنێت. یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەش لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم خەستییەکەی کەم دەکرێتەوە.

دیپلۆماسییەتی ڤێرسای و هەنگاوەکانی داهاتوو

کۆشکی سپی گرتە ڤیدیۆییەکانی مەراسیمەکەی بڵاوکردەوە کە لە کۆشکی ڤێرسای لە فەڕەنسا، بە ئامادەبوونی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا و بریجیتی هاوسەری، لەگەڵ تیمی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەڕێوەچوو. چاودێران پێیان وایە هەڵبژاردنی ئەم شوێنە هێمایەکە بۆ سەرکەوتنی دیپلۆماسییەتی نهێنی فەڕەنسا لە نێوەندگیری نێوان هەردوو وڵاتدا.

واشنتن و تاران ڕێککەوتوون لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا دانوستاندنی چڕ بکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، کە دواتر لە ڕێگەی بڕیارێکی پابەندکەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند دەکرێت. دوای جێبەجێکردنی بڕگەکانی (١، ٤، ٥، ١٠ و ١١)، دانوستاندنی ڕاستەوخۆ لەسەر بڕگەکانی دیکە دەستپێدەکات.

بڕیارە سبەی هەینی، ١٩ی حوزەیران، لە درێژەی هەنگاوە پراکتیکییەکاندا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە وڵاتی سویسرا بە فەرمی کۆببنەوە بۆ ئاڵوگۆڕ و واژۆکردنی فەرمی ئەم یاداشتنامەیە.

دوایین زانیارییەکانی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران چییە و چۆن پەیڕەو دەکرێت؟
دەتوانیت بە تەواوی بەخۆڕایی بەشداری لە نامیلکەی هەواڵەکانمان بکەیت ئەم دەرفەتە لەدەست مەدە بۆ ئاگاداربوون لە نوێترین هەواڵەکان – ئێستا خۆت لە نامیلکەی ئیمەیڵی بێبەرامبەرمان تۆمار بکە.

لێدوانەکان داخراون.

فۆلۆمان بکەن
Uygulamayı Yükle

Uygulamamızı yükleyerek içeriklerimize daha hızlı ve kolay erişim sağlayabilirsiniz.