مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر هەولێر (ئەربیل) و سلێمانی ڕایگەیاند، “هێشتا گرژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامن و گەلێك جار زیان بە ئێمە گەیشتووە، بەبێ ئەوەی ئێمە بەشێك بین لەم شەڕ و گرژییەی كە ئێستا لە ناوچەكەدا هەیە”.
مەسرور بارزانی لە میانی کردنەوەی پڕۆژەی پاککردنەوەی ئاوی “باڵندا – بارزان” کە ئاوی خواردنەوە بۆ ٥٣ گوندی سنووری قەزاکانی مێرگەسۆر و خەلیفان و ئاکرێ لە هەردوو پارێزگای هەولێر (ئەربیل) و دهۆک دابین دەکات، گوتارێکی پێشکەش کرد.
بارزانی پەیوەندیدار بە هێرشەکان بۆ سەر هەولێر (ئەربیل) و سلێمانی ڕایگەیاند، “هێشتا گرژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامن و گەلێك جار زیان بە ئێمە گەیشتووە، بەبێ ئەوەی ئێمە بەشێك بین لەم شەڕ و گرژییەی كە ئێستا لە ناوچەكەدا هەیە. دیسان دووپاتی دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان بەشێك نییە لەم گرژییانە و ئێمە نامانەوێ ببینە بەشێك لەم ململانێ و ئەو شەڕەی ئێستا لەم ناوچەیەدا هەیە”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێم وتیشی، “بەردەوامیی ئەم هێرشانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و ناوچەكە شەرمەزار دەكەین و هیوادارین كە بەرەو كۆتایی بچن و ئەم شەڕانە نەمێنن و ئاشتی و سەقامگیری جارێكی دیكە بۆ هەموو میللەتانی ئەم دەڤەرە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێتەوە”.
مەسرور بارزانی لە میانی قسەکانیدا دەستخۆشی لە حکوومەتی عێراق کرد لە دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدادیش ڕایگەیاند، “پەیوەندییەكانی ئێمە لەگەڵ بەغدا لە ئاستێكی زۆر باشدایە، بە تایبەتیش كە حكوومەتی تازە لە بەغدا دامەزرێندرا، حكوومەتی هەرێم بەردەوام بووە لە پشتیوانیكردنی سەرۆكوەزیرانی نوێ بەڕێز عەلی زەیدی، ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیكردنی بۆ جێبەجێكردنی دەستوور و باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا. داوای ئێمەش هەموو كاتێك ئەوە بووە كە بەغدا بەبێ فەرق و جیاوازی دەستوور جێبەجێ بكات و خەڵكی كوردستانیش وەك هەموو خەڵكی عێراق سوودمەند بێت لە هەموو مافە دەستوورییەكانی خۆی و فەرق و جیاوازی لە نێوانیاندا نەكرێت”.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەڕێم باسی لە پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێم و پێکهێنانی حکوومەت کرد و داوای لە هێزە سیاسییەکانی کرد کە هەڵوێستیان هەبێت. وتیشی “ئەمە چەندین مانگە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان كراوە، بەداخەوە تا ئێستا حكوومەت دانەمەزراوە. ئەگەر ڕاستگۆن و خەمخۆرن بۆ خەڵكی كوردستان، با كەرەم بكەن و بێن پەرلەمانی كوردستان كە موڵكی خەڵكی كوردستانە، كارا بكەنەوە و پەرلەمان نەبێتە بارمتە لە دەست هیچ كەسێك بۆ دەستكەوتی شەخسی یانیش بۆ ڕێگریكردن لە خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و دروستكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەكار بێت”.






















لێدوانەکان داخراون.