فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، بڕیاری گەڕانەوەیان داوە بۆ دانیشتن و کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنەکە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٨ـی تەممووزی ٢٠٢٦، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە فەرمی بڕیاری گەڕانەوەی خۆی بۆ ناو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکە ڕاگەیاند.
لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، فراکسیۆنەکە جەختی لەوە کردەوە، “دوای تاوتوێکردنی دۆخەکە، بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک داوە و ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوەشیان بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کەرکوکە”.
فراکسیۆنەکە ڕاشیگەیاند “ئێمە هاتووینەتەوە وەکو کوتلەیەکی سیاسی سەربەخۆ؛ نە بۆ دژایەتی کەس نە بۆ پشتیوانی کەسی تر. هەرکەسێک یەک بەرد بخاتە سەر دیواری خزمەتکردنی خەڵکی کەرکوک، ئێمە لەگەڵ ئەو دەبین”.
وتیشی “ئێمە کە گەڕاینەتەوە مانای ئەوە نییە کە ڕازین بەم دۆخەی لەم شارە هەیە. شاری ئێمە کۆمەڵێک قەیرانی تێدایە، قەیرانی بەنزین، کارەبا، فەساد، سەرانە سەندن لە سەیتەرە و ڕێگا و بانەکان. بۆیە ئێمە لەگەڵ برایانمان لە ئەنجومەنی پارێزگا هەنگاوی ئەوە دەنێین بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەواوی ئەو شتە نامۆیانەی کە لەم شارە ئەگوزەرێ بۆ ئەوەی بتوانین هەموو بەیەکەوە ڕاستەڕێی بکەین”.
سەبارەت بە وەرگرتنی پۆستی ئیداری فراکسیۆنی پارتی، فراکسیۆنەکە ئاماژەی بەوە کرد، “فراکسیۆنەکە تەنها گەڕاوەتەوە نێو ئەنجوومەن بۆ ئەوەی ڕۆڵی چاودێر ببینێت”.






















لێدوانەکان داخراون.