بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، ڕەتیان کردەوە کە بە ئاراستەکردنی درۆن ھێرشیان کردبێتە سەر سعوودیە.
بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕەتیان کردووەتەوە کە ھێرشە درۆنییەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە لە خاکی عێراقەوە ئەنجامدرابن و ڕایانگەیاندووە، “ئەم بانگەشەیەی سعوودیە دڵنیایی زیاترمان پێ دەبەخشێت کە دوژمنایەتی کردنی عێراق و گەلەکەی نەریتێکی دانەبڕاوەی ئەو ڕژێمەیە”.
ھەروەھا لە راگەیاندراوەکەدا ھاتووە، “سعوودیە بەو تۆمەتانە ھەوڵدەدات شکستی خۆی لە بەرامبەر ھێرشەکانی یەمەن بشارێتەوە و جگە لەوەش سعوودیە ھەوڵدەدات بەو تۆمەتانە پاساو بۆ بێدەسەڵاتی خۆی لە وەڵامدانەوەی ئەو گورزە ئازەربەخشەی یەمەنییەکان کە قوڵایی ژێرخانی ئەو وڵاتەیان ھەژاندووە، بھێنێتەوە”.
گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق ھۆشداری توندیان داوەتە سعوودیە و ڕایانگەیاندووە، “ئەگەر سعوودیە ھێرش بکاتە سەر عێراق، ئەوە وەڵامی دەدینەوە کە پەشیمان ببێتەوە”.
دوێنێ دووشەممە وەزارەتی بەرگریی سعوودیە ڕایگەیاندبوو، ژمارەیەک درۆنیان تێکشاندووە کە بۆ بە ئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە ئاراستەکرابوون. ھەروەھا وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشدابوو، “ئەو درۆنانە لایەن میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێرانەوە لەناو خاکی عێراقەوە ئاراستەکرابوون”.
هاوکات دوێنێ دووشەممە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لایەنە پەیوەندیدارە ئەمنییەکانی ڕاسپارد لێکۆڵینەوە لەو ھێرشە بکەن کە لەسەر بنەمای ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە لە ڕێگای دڕۆنەوە لە خاکی عێراقەوە کراوەتە سەر سعوودیە.






















لێدوانەکان داخراون.