لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ھەرێمی کوردستان – عێڕاق ئامانجی ١٣ دڕۆنی ھێرشبەر بووە.
بەپێی زانیارییەکان چەند ناوچەیەکی جیاوازی هەرێم کراوەتە ئامانج کە ١٢ دڕۆنیان ئاراستەی پارێزگای هەولێر (ئەربیل) و یەک دڕۆنیش ئاراستەی پارێزگای سلێمانی کراوە، هاوکات زۆربەی ھێرشەکان ئاراستەی بارەگا و بنکەکانی ھێزەکانی دژبەرەکانی ئێران کراون و ھەندێک دڕۆنیش پێش گەیشتن بە ئامانجەکەیان، تێکشکاون.
بەپێی زانیارییەکان، لە ٢٤ کاژمێری ڕابردوودا ٣ دڕۆن لە شاخی باواجی و شاخی ھەیبەت سوڵتان لە کۆیە کەوتە خوارەوە و بەھۆیەوە ئاگر لە پووش و پاوانی ناوچەکە کەوتەوە، ھەروەھا ٤ دڕۆن ئاراستەی دێگەڵە و دارەشەکران کراوە. ھاوکات شەوی ڕابردوو ٣ دڕۆن دۆڵی ئالانەیان کردە ئامانج و یەک دڕۆن لە ئاسمانی خەلیفان و یەک دڕۆنی دیکەش لە ئاسمانی ھەولێر (ئەربیل) و سەر کۆمەڵگای سێبیران تێکشکاوە و خراوەتە خوارەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەیانی ئەمڕۆ بە دڕۆنێک ھێرش کراوەتە سەر ناحیەی تەگەران لە قەزای شارباژێر لە پارێزگای سلێمانی و دەگوترێت شوێنەکە چەک و جبەخانەی لێ بووە.
تا ئێستا لە ھێزە ئەمنی و دەزگا فەرمییەکانی ھەرێم ھیچ ئامار یان زانیارییەکی فەرمییان سەبارەت بەو ھێرشانە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داھاتوودا دژە تیرۆری ھەرێم و دەزگای ئاسایشی ھەرێم، ڕاگەیاندنی فەرمیی بڵاوبکەنەوە.






















لێدوانەکان داخراون.