بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و چاپ و بڵاوکردنەوە گشتاندنێکی ئاراستەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کرد و تیایدا جەخت لە چەند خاڵێک دەکاتەوە کە دەبێت میدیاکار و دەزگاکانی ڕاگەیاندن پابەندی بن.
لە گشتاندنەکە هاتووە “وەک ئاشکرایە، هەرێمی کوردستان لەم دۆخە ئەمنییە هەستیارەدا پێویستی بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی هەیە. بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی هەرێم و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە پشێوییەک، گشت کەناڵەکانی میدیای بینراو و بیستراو ئاگادار دەکەینەوە کە پێویستە لە کاتی ڕووماڵکردنی هێرشە درۆنییەکان و ڕووداوە ئەمنییەکاندا، بە تەواوی پابەندی یاسا و رێنماییە بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان بن”.
بۆ ئەم مەبەستە، جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە کراوەتەوە:
“١. پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی: پابەندبوون بە ڕێکارە پیشەییەکان بۆ ئەوەی ڕووماڵی ڕووداوەکان نەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری، و بەدووربوون لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە زانیاری، وێنە، یان ڤیدیۆیەکی ناڕاست کە ببێتە هۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتییان.
٢. پابەندبوون بە وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوە فەرمییەکان.
٣. پاراستنی سەقامگیری بازاڕ و باری ئابووری: خۆبەدوورگرتن لەو جۆرە ڕووماڵانەی کە دەبنە هۆی تێکچوونی دۆخی ئابووری، دروستکردنی پشێوی لە بازاڕەکان، یان گرانبوونی نرخەکان؛ چونکە میدیا بەرپرسە لە نەبوونی ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەی کە لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان دروست دەبێت.
٤. لێپرسینەوەی یاسایی: هەر سەرپێچییەک لەم خاڵانەی سەرەوە و لەو بنەما یاساییانەی لە ‘رێنمایی ژمارە (١)ـی ساڵی ٢٠١٤’دا هاتووە، کەناڵەکە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکاتەوە و ڕێکاری پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
دڵنیایین هەموو لایەک لە ئاست ئەم بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەدا دەبن بۆ پاراستنی سەقامگیری وڵاتەکەمان”.






















لێدوانەکان داخراون.