ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ئەربیل ڕایگەیاند، “بەنزینخانەکان پابەندن بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی جەنابی سەرۆکوەزیران “.
پارێزگای ئەربیل ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە “ئەمڕۆ سێشەممە ٢١.٧.٢٠٢٦، دوابەدوای فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین لە بازاڕەکانی هەرێم و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و ئاری كاكهشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر و لیژنەی چاودێریکردنی نرخ و کوالێتی بەنزین و ئەنجومەنی بەنزینخانەكان، بۆ بەدواچوون لە جێبەجیكردنی فەرمانی جەنابی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كە دەبێت نرخی یەک لیتر بە نزینی نۆرماڵی حکومی ‘پاڵپشتی کراو’ بە ٧٥٠ دینار بێت و نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆڕماڵی بازرگانیش بە ٨٥٠ دینار بێت، بەنزینخانەی شیمالی لەشاری هەولێر بەسەركردەوە”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە “دوای بەسەركردنەوەی بەنزینخانەكە و لەنزیكەوە گفتوگۆكردن لەگەڵ شوفێران، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای سەرهەڵدانی کێشەی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ بڕیاری چارەسەرکردنی دەرکرد و هاووڵاتییانی خستە سەنتەری گرنگیپێدانەوە. گوتیشی، بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومەت کە لیتری بە ٧٥٠ دینارە، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر ناوچەکاندا دابەش دەکرێت، هەروەها کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی و پاڵاوگەکان پابەند کراون بەرهەمی پێویست دابین بکەن. ئاشكراشی كرد، لە شاری هەولێر ٢٦٦ بەنزینخانە هەن، بەسوپاسەوە بەشی هەرە زۆریان پابەندی بڕیارەکە بوون و تابلۆی نرخەکانیان گۆڕیوە بۆ ٨٥٠ دینار بۆ هەر لیترێکی بازرگانی”.

ئاماژە بەوەش کراوە، “سەبارەت بە ئەرکی لیژنەی چاودێریکردنی کوالێتی بەنزین بۆ چاودێریکردنی نرخەکانیش، جەختی لە بەردەوامی سەردانە مەیدانییەکانیان کردەوە و ڕایگەیاند، هیچ بەنزینخانەیەک سزا نادرێت ئەگەر پابەندی رێنماییەکان بێت، بەڵام هەر شوێنێک سەرپێچی بکات رووبەڕووی تووندترین سزا دەبێتەوە. گوتیشی، لە ماوەی رابردوودا حەوت بەنزینخانە بەهۆی خراپیی کوالێتییەوە سزادراون و ناوەکانیان بڵاوکراوەتەوە، هەروەها روونیکردەوە دوێنێ لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ و سامانە سروشتییەکان و پارێزگارەکان میكانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکان تاوتوێ کراون و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕی سووتەمەنییەکە زیاد دەکات، باسی لەوەش کرد، لە پلاندایە سیستەمی دابەشکردنی بەنزین لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە رێکبخرێت بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەریی زیاتر”.






















لێدوانەکان داخراون.