ڕوانگەی عێراقی سەوز، ئەمڕۆ یەکشەممە داوای کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی دەوامی فەرمی کرد لە ماوەی ڕۆژانی داهاتودا.
ڕوانگەی عێراقی سەوز ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە دا، “پلەکانی گەرما کە ٥٠ پلەی سەدی تێدەپەڕێنن، کاریگەری نەرێنییان لەسەر هاووڵاتییان دروستکردوە، بەتایبەتی بەساڵاچوان، ژنان، منداڵان و توشبوان بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، سەرەڕای فەرمانبەرانی فەرمانگەکانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا کراوە، دەوامی فەرمی تاكو کاتژمێر ١ـی دوای نیوەڕۆ بێت لەبری کاتژمێر ٣ـی دوای نیوەڕۆ.
ئەوەش هاتووە. “ئەم ڕێکارە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشار لەسەر سیستەمی کارەبای نیشتمانی و کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن، لەگەڵ سنوردارکردنی لێکەوتە تەندروستییەکانی شەپۆلی گەرما”.
ڕوانگەی عێراقی سەوز جەختی لە پێویستی پەیڕەوکردنی سیستەمی کاری نەرم و “کارکردن لە دورەوە” (Online) کردەوە بۆ ئەو کارانەی کە پێویستیان بە ئامادەبونی مەیدانی نییە، هەروەها پابەندکردنی کەرتی تایبەت بە دابینکردنی ژینگەیەکی کاری سەلامەت و کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کاری دەرەوە بۆ کرێکاران لە کاتی لوتکەی گەرمادا کە لە کاتژمێر ١١ـی بەیانی تاكو ٤ـی ئێوارە دەخایەنێت.
ئەوە لەكاتێكدایە كە بەگوێرەی پێشبینیەكانی كەشناسی عێراق، شەپۆلێكی گەرما لە ڕۆژانی داهاتوودا سەرانسەری وڵاتەكە دەگرێتەوە و پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزدەبنەوە و لە هەندێك پارێزگای ناوەڕاست و باشوری عێراق پلەكانی گەرما گەیشتونەتە ٤٩ پلەی سەدی.






















لێدوانەکان داخراون.